در. مهریوان وریا قانع: دین دەشێت بەشێکیش بێت لە خەبات دژ بە ستەمگەریی و داگیکردن
Röportaj / Mustafa Zengin

 کاتی به‌ دۆخی وه‌لاته‌کانی وه‌ک جه‌زاییر، ئافریقایی باشوور، هیندستان به‌راوردکراوه‌، ئایا ئه‌م دتوانن بلێن، له‌ کوردستاندا کۆلۆنیالیزم هه‌یه‌ یان کوردستان وه‌لاته‌کی کۆلۆنیزه‌ کراوه‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌هابه‌، ئه‌م شێوه‌یی کۆلۆنیالیزم چیه‌، چۆنه‌؟

وەڵام: بە بۆچوونی من وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە و بە دەگمەن نەبێت لە ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەشا قسە و باسێکی ئەوتۆی لەسەر نەکراوە. ھەندێک لە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان، لە قۆناغێکدا، کوردستانیان وەک ”وڵاتێکی داگیرکراو“ و، وەک ”کۆلۆنی“  ناوناوە و مامەڵەکردوە. دروشمی ”مافی چارەنووس“ و ”کۆتاییھێنان بە کۆلۆنیالیزم“ و ”دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ“ یان ھەڵگرتبوو. زۆرینەی ھەرە زۆریان ھەرگیز ئەم کارەیان نەکردوە و کوردستانیان وەک وڵاتێکی داگیرکراو وێنانەکردوە، بەڵکو وەک بەشێک لەو وڵاتانە وێنایکردوە کە لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە دروستکراون.

ئەوەی من دەتوانم لێرەدا وەک سەرەتایەک بیڵێم ئەوەیە کە بەر لە نیوەی دووھەمی سەدەی نۆزدەھەم، شتێک لەو ناوچەیەی ئێمەدا بەناوی ”نەتەوە“ و ”سەرزەمینیی نەتەوەیی“ و ”خواستی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوە“ییەوە بوونی نەبووە. نە عەرەب و نە تورک و نە فارس و نە ھیچ گروپێکی ئەتنی تر، لە بەشە موسڵمانەکەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، خۆیان وەک ”نەتەوە“ و زادگاکانیان وەک ”نیشتیمانێکی نەتەوەیی“ وێنانەکردوە. چەمکی ”نیشتیمان“ بەو مانایەی ئەمڕۆ لێیتێدەگەین، واتە نیشتیمان وەک سەرزەمینێکی نەتەوەیی، تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەم بوونی نەبووە. ئەوەی لە ناوچەکەدا ئامادەبوو کۆمەڵێک ئیمپراتۆریەتی دینیی گەورەبوون کە دواھەمینیان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. زۆرینەی ھەرەزۆری کوردەکانی ئەمڕۆکەی تورکیا و سوریا و عێراق بەشێکبوون لە دانیشتوانە موسڵمانەکەی ئەو ئیمپراتۆریەتە و شوناسی سەرەکییان وەک شوناسی ئیمپراتۆریەتەکە شوناسی عوسمانییبوون بووە و سەرزەمین و نیشتیمانەکەشیان وەک بەشێک لە جوگرافیای ناو قەڵمڕەویی عوسمانییەکان بینیوە. لە ئاستی ناوچەیی و لۆکاڵیشدا چەندان ئیمارەت و دەسەڵاتی ناوچەیی جیاواز ھەبوون و ئەو ئیمارەت و دەسەڵاتانە لە لایەن خێزانە ئەرستۆکراتیی و دەرەبەگەکانی کوردستانەوە بەڕێوەبراون. لەم قۆناغەدا شتێک بەناوی ”کۆلۆنیالیزم“ و ”کۆلۆنی“ی و ”داگیرکردن“ و ”داگیرکاریی“ەوە بوونی نەبووە. ئەم کۆمەڵە چەمک و ئەم زمانە سیاسیی و تیورییە، لە سەدەی بیستەمدا و لەگەڵ سەرھەڵدانی ناسیۆنالیزم لە فۆرمە سیاسییەکەیدا، لەدایکدەبێت. تا ساتەوەختی کەوتنی ئیمپراتۆریەتەکە ڕووبەرێکی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بەش و پارچەی جیاوازی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون و شوناسیی دینیی خۆیان و شوناسیی دینیی ئیمپراتۆریەتەکەیان وەک یەک شوناس بینیوە. لەگەڵ ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەکە و سەرھەڵدانی ناسیۆنالیزم لە شێوە سیاسییەکەی و ھاتنی کۆلۆنیالیزمی ئەوروپیدا، چەمکەکانی ”نەتەوە“ و  ”نیشتیمانی نەتەوەیی“ و ”مافی سەربەخۆبوون“ و دروستکردنی ”دەوڵەتی نەتەوەیی“دا لەدایکدەبێت. لەگەڵ بزوتنەوەی دژە کۆلۆنیالیزمیشدا مەسەلەی ”شۆڕش“ و ”یاخیبوون“ و ”خەبات“ بۆ بەدەستھێننی ”مافە نەتەوەییەکان“ لەدایکدەبێت.

لەم قۆناغەدا، کە لە بیستەکانی سەدەی بیستەمەوە دەستپێدەکات، ئەوەی گۆڕانێکی ڕیشەیی بەسەردادێت پێگە و شوێن و جێی دانیشتوانی کوردستانە لە ”رەعیەتێکی عوسمانیی“ەوە بۆ ”کەمینەیەکی نەتەوەیی“ لەناو چوارچێوە سیاسییە تازە دروستکروەکانی دوای جەنگی جیھانی یەکەمدا. کورد لەناو ئەو چوار دەوڵەتە تازەیەدا کە لە ناوچەکەدا و لەسەر وێرانەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی دروستدەکرێن، دەبنە ”کەمینەیەکی ئەتنی“ و ”نەتەوەیی“ چەوساوە و مافە سیاسیی و کولتوریی و کۆمەڵایەتییەکانیان، دواکاریی و خواستەکانیان، وەک ھەڕەشە لەو دەوڵەتانە و وەک کێشەیەکی ئەمنیی گەورە مامەڵەکراوە. بۆیە زۆر بە توندیی وەڵامدراوەتەوە و لە ھەندێک ساتدا تا ئاستی جینۆساید ڕۆیشتوە. لەم ژینگە سیاسییە تازەیەی دوای جەنگی جیھانی یەکەمدا ئەو شتە دروستدەبێت کە ناوی ”مەسەلەی کورد“ ە و ئەو بزوتنەوەیەش دروستدەبێت کە ناوی ”ناسیۆنالیزمی کوردیی“ە. ئەم ناسیۆنالیزمە، وەک ھەموو ناسیۆنالیزمێک لە دونیادا، چەمکەکانی ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ و ”مافی چارەنووس“ و ”مافی سەربەخۆبوون“ دروستدەکات و دەیکاتە بنەمای وێناکردنی خودی خۆی و ئەوانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. وێناکردنی کوردستان وەک ”کۆلۆنیەک“ و وەک ”سەرزەمینێکی داگیرکراو“، وەک ”وڵات“ و ”نیشتیمانێکی سەربەخۆ“ و ”جیاواز“ بەرھەمی ئەم گۆڕانکارییە سیاسیی و رەمزییەیە.

کوردستان، وەک ھەموومان دەیزانین، چوار پارچەیە و ھەر پارچەیەکی بەشێکە لە دەوڵەتێکی دروستکراو لە ناوچەکەدا. مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو ئەو ڕاستییە سادەیەی نیشانداوە ئەو دەوڵەتانە نەیانتوانیوە گەشە بکەن بۆ ”دەوڵەتێکی نەتەوەیی“ پلورال و دیموکراس، کە تیایدا چەمکی نەتەوە چەمکێکی ”ئەتنی“ و ”دینیی“ نەبێت، بەڵکو چەمکێکی سیاسیی مەدەنیی پلورال و دیموکراس بێت و ئەوەی دانیشتوانە جیاوازەکانی ناو ئەو دەوڵەتانە بەیەکەوە کۆدەکاتە دوو فۆرم لە ماف بێت. یەکەمیان مافی ھاوڵاتیبوونی یەکسانە، دووھەمیان مافی دەستەجەمعیی تایبەتی ھەر پێکھاتێکی ناو ئەو دەوڵەتەیە. ھەردوو مافەکەش بەشێکبن لە سیستمێکی سیاسیی دیموکراسی فرەکولتووریی و فرەئەتنییدا. ئەم دەوڵەتانە بە درێژایی سەدەی بیستەم و لە دوو دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، ھەریەکەیان بە شێوازی جیاواز، جۆرێکی تایبەت لە دەوڵەتی ”نانەتەوەیی“ و ”ناھاوڵاتیی“ و ”نامافن“، یاخود ”دەوڵەتی نەتەوەیی“ یەکێک لە ئەتنییەکانن بە تەنھا. کێشەی کورد، بەم مانایە، بەشێکە لە کێشە سیاسییە ھەرە گەورە و بنەڕەتییەکانی ئەم دەوڵەتانە، کێشەی کەمینەیەکی ئەتنییە لەناو دەوڵەتێکی نادیموکراس و دەسەڵاتگەردا، کە ھیچ فۆرمێک لە فۆرمەکانی پلورالیزمی سیاسیی و ئەتنیی و دینیی قبووڵ نییە و زیاتر دەوڵەتێکی شۆڤێنییە تا دەوڵەتێکی مافپەروەر. چارەسەری ڕاستەقینەی ئەم کێشەیەش لە دوو جۆر چارەسەر تێپەڕناکات. یان گۆڕانی ئەو دەوڵەتانە بۆ دەوڵەتی ھاوڵاتیی و ماف و دادپەروەریی، واتە بۆ دەوڵەتێکی مەدەنیی دیموکراس و فرەکولتور و فرەئەتنی. یان ئەوەیە دانیشتوانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان لەوەدا سەردەکەون ھەریەکێکیان یەکەی سیاسیی سەربەخۆ و دانپیانراو بۆ خۆیان دروستبکەن و کۆتایی بەو دۆخی چەوساندنەوە و بێمافیی و پەراوێزخستنە ئەتنیی و نەتەوەییە سیستماتیکییە بھێنن، کە ھەندێکجار تا ئاستی پاکتاوکردن و جینۆساید ڕۆیشتوە و دەڕوات. بە بۆچوونی من گرنگ نییە ئێمە پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەتە مەرکەزییەکان چۆن پێناسەبکەین، ئایا پەیوەندییەکی کۆلۆنیالییە یان پەیوەندییەکی دەسەڵاتگەرانەی چەوسێنەرە، گرنگ ئەوەیە لەوە تێبگەین کە شتێک ھەیە ناوی مەسەلەی کوردە و ئەم مەسەلەیەش تەنھا بە یەکێک لەو دوو چارەسەرەی لە سەرەوە ھێمامپێکرد، کۆتایی پێدێت.

 کۆلۆنیالیزم وه‌ک فرانز فانۆن باسی دەکات، وەکو جه‌نابیتانش له‌ کتێبی خۆیی به‌ ناوی "مرۆڤ و که‌رامه‌ت"دا سه‌رنجمان ڕاده‌کێشی بۆ‌ر ئه‌و بابه‌تە، بە شێوه‌ی سیسته‌می شکاندنی که‌رامه‌ت کار دکه‌. ئه‌م سیسته‌م له‌ کوردستان چۆن کار دکه‌ و هه‌روه‌ها که‌رامه‌ت بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک چه‌ند گرانه‌؟

وەڵام: کەرامەت یەکێک لە چەمکە سیاسییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ناو دونیای مۆدێرن، کتێبی ”مرۆڤ و کەرامەت“ بە وردیی ژینالۆژیای دروستبوونی ئەم چەمکە و چۆنیەتی بوونی بە بەشێک لە سیستمە سیاسییە دیموکراسەکان و لە وێناکردنێکی نوێ بۆ مرۆڤبوون، نیشانئەدات. کەرامەت ھێماکردنە بۆ نرخی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئەبستراکت، نرخۆ مرۆڤ وەک مرۆڤ، بە دابڕاویی لە ئیتیما ئەتنیی و دینیی و فەرھەنگیی و رەگەزییەکەی. مامەڵەکردنی کورد وەک کەمینەیەکەی بێماف، وەک ھەڕەشە و کێشەیەکی ئەمنیی، وەک ھاوڵاتی پلە دوو و پلە سێ، بەر لەوەی پێشێلکردنی ھەندێک مافی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی بێت، ھێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر مرۆڤبوونی ئەو وەک مرۆڤ، دەستدرێژیکردنە بۆسەر کەرامەتی. لای فانۆن کۆلۆنیالیزم پرۆژەیەکی توندوتیژە و ھەوڵدانە بۆ دروستکردنی مرۆڤێک کە خۆی بە بچووک و گەمژە و گرنگن بزانێت، واتە خۆی بە کەسێک بزانێت کە کەرامەتی نییە، یان کەرامەتێکی نووقسانی ھەیە. فانون پێیوایە کۆلۆنیالیزم لە پرۆسەی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤە داگیکراوەکاندا ”گرێی خۆ بە کەمزانین“ لەنەاو ھەریەکێکیاندا دەچێنێت، وایالێدەکات خۆیان خۆیان بە کەمتر لە مرۆڤ بزانن. فانون لە کتێبی ”چەوساوەکانی سەرزەویی“ دا پێیوایە ”توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە“ی میلەتە داگیرکراوەکان، یاخیبوونی چەکدارانە، کوشتنی کەسانی سەر بە ھێزە کۆلۆنیالەکان، تەنھا مافە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەکان فەراھام ناکات، بەڵکو ئەو بوونەوەرە کۆلۆنیاڵکراوانە لە ناوەوە لە گرێی خۆ بەکەمزانین ڕزگاردەکات. واتە توندوتیژیی شۆڕشگێڕنە کاریگەریی سایکۆلۆژیی گەورەشی ھەیە لەسەر کەسی کۆلۆنیالکراو، لەپاڵ کاریگەرییە سیاسییەکانیدا. جان پۆل سارتەر کە پێشەکی بۆ کتێبەکەی فانون نووسیوە، ڕادیکاڵانەتر ئەم دیدە بۆ توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە، فۆرمیولە دەکات و پێیوایە ئەگەر کەسێکی جەزائیریی لە جەزایئردا کەسێکی فەرەنسیی بکوژێت، ئەمە کوشتنی دوو چۆلەکەی بەیەک بەرد. لەسەرێکەوە کەسێکی داگیرکەر کەمتر، لەسەرێکی ترەوە کەسێکی ئازاد زیاتر. من باوەڕم بەم دیدە فانونی و سارتەرییە نییە و پێموانییە توندوتیژیی مرۆڤی ئازاد دروستبکات، بەڵام تێزەکە لە پەیوەندیدا بە کەرامەتەوە تێزکی ڕاستە و کۆلۆنیالیزم مانای بێکەرامەتکردنی کەسی کۆلۆنیالکراو و داڕشتنەوەی کەسایەتی ئەو کەسە وەک مرۆڤێکی کەم و بێنرخ. ئەم سیاسەتە لە پەیوەندیدا بە خەڵکی کوردستانەوە بەردەوام ئامادەبووە و تا ئەمڕۆش لە ھەندێک بەشی کوردستاندا ئامادەیە. 

 جه‌نابیتان کاتی باسی سیاسه‌تی ماکیاڤه‌ڵی ده‌که‌ن، له‌ ده‌رباری ئه‌م بابه‌تیدا دلێن، "لایی ماکیاڤه‌ڵی سیاسه‌ت، ته‌کنۆلۆژییایی سه‌ره‌کیی حکومرانیکردنه‌". ئایا ئێمه‌ دتوانن ئه‌مه‌ باسکردنی جه‌نابیتان بۆ کۆلۆنیالیزمی له‌ کوردستانیش قه‌بوول بکه‌ین؟ یه‌عنێ، ئێمه‌ دتوانن بلێن، کۆلۆنیالیزم ته‌کنۆلۆژییایی سه‌ره‌کیی حکومرانیکردنه‌ له‌ کوردستان؟

وەڵام: لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا باسم لەوەکرد گرنگ نییە کوردستان وەک سەرزەمینێکی کۆلۆنیالیکراو ببینین یان وەک ھەر شتێکی دیکە، ئەوەی گرنگە لەوە ئاگاداربین شتێک ھەیە ناوی ”مەسەلەی کورد“ە. و داخوازیی سەرەکیی ئەم مەسەلەیەش بریتییە لە گەڕان بەدوای داننان، ئیعتیراف، recognition، بە بوونی ئەودا وەک گروپێکی ئەتنیی و نەتەوەیی خاوەن ماف، مافی تاکەکەسیی و مافی دەستەجەمعی. داننان مانای بە رەسمی ناسینیی ئەو شوناسەی کە تۆ وەک تاکەکەس و وەک بوونێکی دەستەجەمعی بە شوناسی خۆتی دەزانیت. داننان بە تاکەکەسی کوردا وەک بوونەوەرێکی خاوەن مافی یەکسان لەگەڵ ئەوانیتردا، داننان بە کوردبوون خۆشیدا وەک شوناسێکی دەستەجەمعیی و قبووڵکردنی یەکسانیی ئەو شوناسە بە شوناسەکانی تر وەک شوناسێکی دەستەجەمعیی. ئەوەی وەک ”تەکنۆلۆژیای حوکمڕانیی“ لە کوردستاندا کاردەکات، بریتییە لە ئینکارکردنێکی بەردەوام و سیستماتیکی ئەم داننانە تاکەکەسیی و دەستەجەمعیە. چەمکی ”تەکنۆلۆژیای حوکمڕانیی“ چەمکێکی فوکۆییە و باس لە عەقڵانیەتی حوکمڕانیی و چۆنیەتی ئیشکردنی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگادا دەکات. ”تەکنۆلۆژیای حوکمڕانیی“ لە کوردستاندا تەکنۆلۆژیای کورتکردنەوەی ”داخوازییەکی سیاسیی و فەرھەنگییەکانی“ میلەتی ئێمەیە بۆ ”ھەڕەشە“، ”ھەڕەشەیەکی وجودیی“ بۆ سەر شوناس و ئاسایشی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستان کراوە بە بەشێک لێیان. ھەڕشەیەکی ئەمنیی و وجودیی نەک تەنھا بۆ سەر دەزگاکانی دەوڵەت و خاکی ئەو دەوڵەتانە، بەڵکو بۆ سەر شوناسی ئەتنی زۆرینە باڵادەستەکان. بەمەش بەخشینی ڕەوایەتیی بە ھەموو تەکنیک و میکانیزمەکانی بێدەنگکردن و سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان تا ئاستی لەناوبردنی یەکجارەکیان، ھاوکات وێرانکردن و گواستنەوە و گەمارۆدانێکی سەربازیی و ئابوریی و فەرھەنگیی ناوچە کوردنشینەکان و مامەڵەکردنیان بە لۆژیکی ناوچەی جەنگ و ھەڕەشە و نائارامیی. سیاسەت لەم دۆخانەدا دەگۆڕێت بۆ جەنگ، یاخود لە نێوان سیاسەت و جەنگدا سنوور و مەسافەیەکی قابیلی باسکردن ناھێڵدرێتەوە. بێگومان بە پلە و ڕادەی جیاواز لە ھەر پارچەیەکی کوردستان و لە ساتەوەختە مێژووییە جیاوازەکاندا. بە کورتییەکەی تەکنۆلۆژیای حوکمڕانی لە کوردستاندا بریتییە لە ”تەکنۆلۆژیای گۆڕینی ماف بۆ ھەڕەشە“، ”داڕشتنەوەی خواستە سیاسییانە وەک ھەڕەشەی ئەمنیی“، ”گۆڕینی تاکەکەسە بۆ مرۆڤێکی تاوانبار“، ”وێناکردنی شوناسی کوردبوونە وەک پەلامارێکی وجودیی“، ”گۆڕینی پراکتیکی سیاسییە بۆ پراکتیکی سەربازیی“، ”خۆدزینەوەیە لە داننان بەویتردا وەک بوونێکی خاوەن ماف“. ھتد.. بە شێوەیەکی گشتیی ھەموو ئەمانە بەشێکن لەو تەکنۆلۆژیای حوکمڕانییەی لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا ئامادەبوون و تا ئەمڕۆش، کوردستانی عێراقی دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینی لێدەرچێت، لە بەشەکانی تردا بە خەستی ئامادەن. لە ئاستی دەوڵەتیدا ئەو تەکنۆلۆژیا تایبەتانەی حوکمڕانیی لە کورستاندا، مانای گۆڕینی دەزگاکانی حوکمڕانییە لەو وڵاتانەدا بۆ دەزگای ئیھانەکردن و سوکایەتیکردن و بێرخکردنی ڕۆژانە و سیستماتیکیانەی کوردبوون. ئەم فۆرمانە لە تەکنۆلۆژیای حوکمڕانیی تێکەڵێکی ئاڵۆزە لە فۆرمەکانی حوکمڕانیی کۆلۆنیالیانە لەگەڵ حوکمڕانیی نادیموکراس و دەسەڵاتگەرانەی ئەزموونە سیاسییە ترسناکەکانی سەدەی بیستەم. 

 له‌ ترکیه‌ و باکووری کوردستان له‌ چارووچۆڤه‌یی کۆلۆنیالیزم و لێکۆلینه‌کانی سپی دا نیقاشی ترکایه‌تی و کوردایه‌تی هه‌یه‌. بۆ نموونه‌، بارش ئونلو، نووسه‌ر و ئاکاده‌میسیه‌نی ترک باسی " گرێبه‌ستی ترکایه‌تی" دکه‌. ب وته‌یی دیگه‌، کاتی باس و بابه‌ت دێتە‌ سه‌ر کورده‌کان، هه‌موو ترکه‌کانی له‌ هه‌ر به‌شی چینایه‌تی، پیشه‌یی، ته‌مه‌نی، زایه‌ندی، ئایینی و مه‌زهه‌بی به‌ "گرێبه‌سته‌کی ڤه‌شارتی/سه‌مبۆلیک" دبن یه‌ک له‌ دژی کورده‌کان. له‌م بابه‌تیدا فکری جه‌نابیتان چیه‌؟ ئایا ئه‌م دتوانن بۆ به‌شی دیگه‌یی کوردستانه‌کان باسی گرێبه‌سته‌کی ئه‌م شێوه‌یی، یه‌عنی باسی "گرێبه‌سته‌کی عه‌ره‌بایه‌تی یان فارسیه‌تی" بکه‌ین؟

وەڵام: باوەڕم بەوە نییە ”ھەموو“ تورک بەشێکبن لەو ”گرێبەستی تورکبوون“ە، ھەمیشە بەشێکی ئەو کۆمەڵگایە دژ بەم بەتورکیکردنی ھەموو پێکھاتەکانی ناو ئەو وڵاتەیە و ڕەخنەگرانە بەرامبەر بەم فۆرمە لە ناسیۆنالیزم وەستاون. بێگومان ئێوە لەوەدا ڕاستدەکەن کە زۆرینەی ئەو کۆمەڵگایە بەرگریی لەو گرێبەستە دەکات و ناسیۆنالیزمی تورکیی لە فۆرمە توێنەرەوەکەیدا بووە بە بەشێک لە سایکۆلۆژیا و زمان و وێناکردنەکانی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایەدا. ئەمانە ئەو گرێبەستە بە بنەمای شوناسیی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی خۆیان و بە بنەمای شوناسی دەوڵەت و خاکی تورکیا دەزانن. بە بۆچونی من پێگەی کورد لە ھەر یەکێک لە وڵاتانەدا کە تیایدا وەک کەمینە دەژیی جیاوازە، لە تورکیادا نکوڵیکردنێکی ھەمەلایەن و توندوتیژ لە سەرجەمی دەرکەوتەکانی شوناسی کوردبوون ھەیە. لە عێراقدا ئەم دۆخە بوونی نییە و لەگەڵ دروستکردنی دەوڵەتی عێراقیدا شتێک لە ئیعترافکردن بە کوردبوون ھەبووە. لە ئێراندا ئیعترافی رەسمیی بە کوردبوون بوونی نییە، بەڵام ئەو سیاسەتی ئینکارکردن و تواندنەوەیەی لە تورکیادا ھەیە لەو وڵاتەدا بوونی نییە. ھەمیشە پەراوێزێکی بچووک بۆ تەعبیرکردنی رەسمی لە کوردبوون لە ئێراندا ھەبووە. ھەرچی سوریایە زیاتر لە مۆدێلە تورکیەکە نزیکە تا ئەوانیتر.

ئەگەر بمەوێت لەسەر عێراق کەمەکێک وردتر قسەبکەم دەکرێت بڵێم ”عروبە“ی عەرەبیی جیاوازە لەو ”گرێبەستی تورکبوون“ەی ئێوە باسیدەکەن. عروبە شوناسێکی سیاسیی نییە، ناسیۆنالیزم نییە بە مانا سیاسییەکەی، بەڵکو شوناسێکی کولتوریی و فەرھەنگییە. عروبە ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی نییە، شتێک نییە بخوازێت ھەمووان بکات بە عەرەب، کورد لە عێراقدا ھەوڵی ڕاستەقینە بۆ بەعەرەبکردنی نەدراوە. وەک یەکێک لە تیوریستە گرنەکانی بواری ناسیۆنالیزم لە جیھانی عەرەبیدا دەڵێت، مەبەستم عەدید داویشە یە، دەڵێت عروبە ”شوناسێکی کولتورییە“، مەبەست لێی تواندنەوەی ئەوانیتری ناعەرەب نەبووە و نییە، بەڵکو مەبەست لێی سەرکەوتنە بەسەر دابەشبوون و پارچەپارچەبوونە دینیی و تائیفیی و خێڵەکییەکانی ناو جیھانی عەرەبیدا. لە عروبەدا عەرەبەک پێ لەسەر ئەو ڕەھەندە کولتورییە دادەگرن کە عەرەبی بەشە جیاوازەکانی دونیای عەرەبیی بەیەکتریەوە گرێئەدات، بەڵام بەرگریی لە فۆرمێکی سیاسیی دیاریکراو ناکات. ”عروبە“ و ”قەومەیتی عەرەبی“، القومیە العربیە، دووشتی جیاوازن. یەکەمیان پێداگرتنە لەسەر یەکێتیی و وێکچوونێکی کولتوریی، بەڵام دووھەمیان پرۆژەیەکی سیاسییە.

بەعس و ناسریزم، کە دوو فۆرمی سەرەکیی پان عەربیزمن و باس لە ”عروبە“ و ”یەکێتی خاک“ و ”نەتەوەی عەرەب“ دەکەن، باس لە تواندنەوەی نەتەوەکانی تر لەناو نەتەوەی عەرەبدا ناکەن. لە عێراقدا شوناسی کوردبوون، بێگومان بەوجۆرەی کە بەعس لەو شوناسە گەیشتبوو، بەشێکبوو لە ڕێزمانی سیاسیی و و فەرھەنگیی وڵاتەکە. خوێندن بە زمانی کوردیی ھەبوو، ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن بە زمانی کوردی ھەبوو، چاپخانە و یەکێتی نووسەرانی کورد ، ھتد... ھەبوو، شتێکیش ھەبوو بەناوی ”ئۆتۆنۆمی“یەکی کارتۆنییەوە بۆ ناوچە کوردییەکان، کە سەرڕەای کارتۆنیبوونەکەی، شتێک لە ئیعترافی سیاسیی و فەرھەنگیی بە کوردبوون تێدابووە. ھەموو ئەمانە تەواو جیاوازە لەو دۆخەی لە تورکیادا ھەبووە و ھەیە. لە عێراقیشدا ھەمیشە دوو شێوە لە ناسیۆنالیزمی جیاواز بوونیان ھەبووە. یەکەمیان ناسیۆنالیزمی عێراقییە کە تیایدا کورد وەک بەشێک لە عێراق بینراوە، دووھەمیان پان عەرەبیزمە کە بە گومانەوە سەیری کەمایەتییەکانی ناو جیھانی عەرەب دەکەن. ئەم دۆخە وایکردوە شوناسی کوردبوون لە عێراقدا مێژوویەکی تەواو جیاواز بژیی لەوەی تورکیا و بەشەکانی تر.

 له‌ پرۆسه‌یی داگرکردنی ڕۆژاڤایی کوردستاندا له‌ لایی ده‌وله‌تی تورکییه‌وه‌ ئێمه‌ بوون شاهد که‌ دین و ئایین هه‌ر ئه‌و ئامووره‌کی مفاداره‌ بۆ کۆلۆنیالیزم و داگرکردنی کوردستان. سه‌دام حوسێن چۆن له‌ یه‌ک سووره‌یی قوران، واته‌ له‌ سووره‌یی ئه‌نفال مفا وه‌رگرت، به‌ هه‌مان شێوه‌یی ده‌وله‌تی ترکیش سووره‌یی ئه‌لفه‌تح به‌ کار هێنا. ئه‌مه‌ نیشان دده‌ کو دین و ئایین دتوانت ئامرێزه‌کبه‌ بۆ کۆلۆنیزه‌کردن و داگرکردنی کوردستان. به‌لام له‌م پرۆسه‌یی داگرکردینی ڕۆژاڤایی کوردستاندا ئێمه‌ بوون شاهد کۆ به‌شێک له‌ مه‌لایی کوردستانه‌کانش (باشووری کوردستان) به‌ هه‌مان شێوه‌یی له‌ دژی ئه‌و داگرکردینی ده‌رکه‌تن و ده‌وله‌تی تورک وه‌ک ده‌وله‌ته‌کی داگرکه‌ر به‌ناوی کرد. له‌ چارچۆڤه‌یی ئه‌م دۆخیدا ئێمه‌ دتوانن بلێن، دین به‌ هه‌مان ئاوایی دتوانه‌ ببه‌ ئامرێزه‌کی دژی کۆلۆنیالیزم؟ یه‌عنی ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ کۆ ئێمه‌ باسی لایی دژ-کۆلۆنیالیزمی (ئانتی-کۆلۆنیالیزم) دین بکه‌ین؟

وەڵام: دین دەشێت بە ھەموو ئاراستەکاندا ڕابکێشرێت و ببرێت، دەشێت ببێت بە ئامرازێک بە دەستی ستمەگەرانەوە، وەک لای داعش و لای ئایەتوڵاکان لە ئێران و لە سعودیە و ئەفگانستان و زۆر شوێنی تردا، بینیمان و دەیبینین. دەشێت بەشێکیش بێت لە خەبات دژ بە ستەمگەریی و داگیکردن، وەک ”تیۆلۆژیای ئازادیخوازیی“ لە ئەمریکای لاتین و وەک ڕۆڵی مەسیحیەت لە بەھێزکردنی ”بزوتنەوەی سۆڵیدارێتی“ لە پۆڵەندەدا بینیمان، یاخود ڕۆڵی ئیسلام لە جەزائیر لە جەنگی ڕزگاریخوازیی ئەو وڵاتەدا دژ بە کۆلۆنیالیزمی فەرەنسیی. یان ڕۆڵی ھێزێکی دینی وەک ئەلنەھزە لە تونسی ئەمڕۆدا. یەکەمین وانەیەک لە سۆسیۆلۆژیای و ئەنترۆپۆلۆژیای دینەوە فێریببین ئەوەیە کە دین جەوھەرێکی نەگۆڕ و ھەمیشەیی نییە، شتێک نییە بە یەک مانا و لە یەک فۆرمدا بۆ ھەتاھەتاییە لە جیھاندا ئامادەبێت. دین بریتییە لە کۆی تەفسیرەکانی دین، بریتییە لەو شتەی کە بکەرە دینییە مێژووییەکان دروستیدەکەن، ئەمانەش ھەمیشە لانی کەم لەناو سێ جۆر پەیوەندیی مێژوویدا ئامادەن کە کاریگەریی گەورە لەسەر ڕوانینیان بۆ دین بەجێدەھێڵێت. مەبەستم لەو سێجۆر پەیوەندییە ”پەیوەندییەکی دەسەڵات“ و ”پەیوەندییەکانی مانا“ و ”پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنانە“. ئەم ڕاستییە سادانە وادەکەن وەکچۆن ئیسلام لای سەدام حوسەین مانایەکی ھەبوو پەیوەست  بە بەخشینی ڕەوایەتییەوە بە پەلامارەکانی ئەنفال وەک کردەیەکی جینۆسایدیی، وەکچۆن مزگەوتەکانی تورکیا دەھۆڵی جەنگ بۆ ئەردۆگان لێدەدەن و وەک ”فاتحێکی دینیی“ نمایشیدەکەن، بەھەمان شێوە لە مێژووی ئێمەشدا بەردەوام جۆرێک لە دین و جۆرێک لە دینداران ھەبوون و ھەن کە بەشێکبوون و بەشێکن لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی میلەتی ئێمە. لە شێخ عوبەیدوڵای نەھرییەوە بیگرە بۆ قازی محەمەد و لەوێشەوە بۆ شێخ عیزەدینی حوسەینیی و چەندانی تر. ئەوەی لە ھەموو ئەم دۆخانەدا ئامادەیە دین نییە وەک جەوھەر، چونکە ووتم ھیچ دینێک جەوھەرێکی نەگۆڕیی نییە، بەڵکو بکەری دینین بە تەفسیری دینیی تایبەتەوە لەناوژ ژینگەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ڕەمزیی دیاریکراودا.

 بزوتنەوەی دژە کۆلۆنیالیزم خۆشی ڕەھەندێکی دینیی بەھێزی ھەبوو، بەڵام ستمگەریی سیستمە سیاسییەکانی سعودیە و ئێران و ئەردۆگانی ئەمڕۆکەش دیسانەوە ڕەھەندێکی دینیی بەھێزیان ھەیە. لە پەیوەندیدا بە ناسیۆنالیزمەوە دین پەیوەندییەکی فرەلایەن و ئاڵۆزیی بە ناسیۆنالیزمەوە ھەیە، مەبەستم لە ناسیۆنالیزم ئەو بزوتنەوانەیە کە خەبات بۆ دابینکردنی مافە سیاسیی و فەرھەنگیی و کۆمەڵایەتییە نەتەوەییەکانیان دەکەن. ناسیۆنالیزم لە ڕووی مێژووییەوە دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتە گەورەکانی مێژوو دێت. بۆ نموونە ھەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی ھابسبۆرگ لە ئەوروپا و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ناوچەکەی ئێمەدا، چەندان بزوتنەوەی ناسیۆنالیستیی و یەکەی نەتەوەیی جیاوازیان لێکەوتەوە. شوناسی سەرەکیی ئیمپراتۆریەتەکان شوناسێکی دینیی سەروە ئەتنیی و سەرو لۆکاڵ بووە، لای عوسمانیەکان ئیسلامی سونیی شوناسی سەرەکیی ئیمپراتۆریەتەکە بووە. کە ناسیۆنالیزم دێت دین کەنارگیر و پەراوزێز ناخات وەک ھەنێک تیوریست پێیاوایە، ناسیۆنالیزم مەرج نییە ھەمیشە بزوتنەوەیەکی نادینیی یان عەلمانی بێت، ئەوەی ڕووئەدات ”ناسیۆنالیزەشنی دینە“، واتە بەنەتەوەییەکردنی دین و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی وەک بەشێک لە شوناس و پرۆژەیەکی نەتەوەیی. ئەمە لە ھەموو شوێنێکی جیھاندا ڕوویداوە و تا ئێستاش ڕووئەدات.

لەناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی میلەتی ئێمەشدا ھەمان شت لە ئارادایە. وەکچۆن ئەردۆگان دین بۆ بەخشینی ڕەوایەتی بە پەلامارەکان و بە سیستمە ستەمگەرەکەی بەکاردەھێنێت و دین وا پێناسەدەکاتەوە ببێت بە بەشێک لەو پرۆژە سوڵتانییە دەسەڵاتگرە ترسناکەکەی. بەھەمانشێوە ھێزەکنی ناو کۆمەڵگای ئێمەش دەشێت دین وەک بەشێک لە ئامرازەکانی بەرگریکردن لە ئینسان و بەرگریکردن لە مافەکان بەکاربھێنرنن و بەکاریشیان ھێناوە. بە کورتییەکەی دین وەکچۆن دەتوانێت بەشێکبێت لە دۆخ و سیستم و خەونێکی دەسەڵاتگەرانەی ترسناک، بەھەمانشێوە دەشێت ببێت بە بەشێک لە بزوتنەوەی دژە کۆلۆنیالیی و لە ھەوڵی مرۆڤ بۆ دروستکردنی دونیایەکی باشتر. ھەمان دید بۆ زۆرێک لە ئایدیۆلۆژیا عەلمانییەکانیش ڕاستە.